دوای رفاندنی تەرمی چالاکوانێکی سەر بە سەدرییەکان لە بابل دۆزرایەوە
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٤
٤٨٤
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، کەسانێک لە دەرەوەی یاسا ھاوڵاتییەکیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای "ئەبی غەرق" لە شاری حلە رفاندووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە، بەیانی ئەمڕۆش تەرمی ئەو کەسە دۆزراوەتەوە کە لەسەر رێگەیەکی خێرا بووە لە ناوچەی "جبلە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، تیمە ئەمنییەکانیان گەیشتوونەتە سەرەداوی گرنگ سەبارەت بە تۆمەتباران و جەختی کردەوە لەوەی لە سزا دەربازیان نابێت و رادەستی دادگا دەکرێن.
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی تیرۆر کراوە ناوی "ئەیسەر خەفاجی"یە کە لە بابل رفێندراوە و چالاکوانێکی سەدرییەکان بووە.
لەسەر ئەو رووداوەش، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئیدانەی تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانەی کرد و رایگەیاند، تیرۆرکردن ھەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنیەت و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری یاسا و ھەژموونی دەوڵەت، داواشی لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە وردەکارییەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکەن و ھێزە ئەمنییەکانیش رێکارەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتیان توند بکەن.