لەسەرەتای ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-٢-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، سرودی نیشتمانی لێدرا و دواتر د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، بەناوی سەرۆککۆمارەوە وتەیەکی پێشکەشکرد.
لە وتەکەی سەرۆککۆماردا، ئاماژە بەوەکرا، بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی دیالۆگی پەیوەست بە واقیعی کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتوری دێت، کە بە ھاریکاری لەگەڵ ژمارەیەک وەزارەت و رێکخراوی پەیوەندیدار و بەپشتیوانی پسپۆڕان و توێژەران رێکخراوە.

لە وتەکەی سەرۆککۆماردا جەختکرایەوە، کە خێزان بناغەی سەرەکیی کۆمەڵگەیە، بە باشی و دروستیی خێزان ھەموو سێکتەرەکانی ژیان باش دەبن، ھەروەک مەترسیدارترین شت کە کاریگەری لەسەر پێکھاتەی خێزان ھەیە، توندوتیژییە لە چوارچێوە جۆراوجۆرەکانیدا، جا لەلایەن پیاوەوە بێت یان ژنەوە بێت، قوربانییەکانیشی ھەموو ئەندامانی خێزانن.

لە وتەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە دادپەروەری و ئازادی بنەمایەکی گرنگن بۆ چەسپاندنی یەکێتیی کۆمەڵگە، ھەروەھا جومگەیەکی پێویستن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەکان و پێشکەوتنیان و وەبەرھێنان و بەگەڕخستنی ھەموو توانا مرۆییەکان بۆ سودی بونیادنان و پێشکەوتن. جەختیشی لەوە کردەوە، ژنانی عێراق رۆڵی کارا و ھاوبەشیی بەرپرسیارێتی گرنگیان لەگەڵ پیاوان ھەیە. ھەروەھا عێراق ھەر لە زووەوە دەستپێشخەری ھەیە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا لەڕووی رەخساندنی دەرفەتی فێربوون بۆ ژنان و کچان و کردنەوەی رێگا بۆ گەیشتن بە پۆستە ئەکادیمییەکان و پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت.

پاشان ھانا ئیمانوێل گۆرگیس  بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان وتەیەکی پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە، دیاردەی توندوتیژی خێزانی بەڕوونی لە کۆمەڵگەکەماندا تەشەنەی کردووە، بۆیە ئەمڕۆ رۆشنایی دەخەینەسەر ئەم بابەتە و لە ھەموو لایەنەکانییەوە و لەڕێگەی پسپۆڕانی ئەم بوارە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە توندوتیژی خێزانی کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگە ھەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی ئەمڕۆمان روبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە سەبارەت بە مەترسی توندوتیژیی خێزانی و ھاندانی تاکەکان بۆ گەڕان بە دوای یارمەتی و پاڵپشتی، ئەویش لەڕێگەی بەرنامەکانی ھۆشیاری و راھێنان بۆ باشترکردنی تواناکانی خێزان و پەیوەندی کاریگەر، ھەروەھا ھاندانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند دەرھەق بە ئەنجامدەرانی توندوتیژی خێزانی بۆ سنوردانان بۆ ئەو دیاردەیە، کە بوەتە مەترسییەکی ئاشکرای ناو کۆمەڵگە. ھەروەک باسی لە گرنگی روبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە کرد، کە لەم ساڵانەی دواییدا بە چەند ھۆکارێک، زیادیکردوە و روبەڕوبونەوەی بە توندی و یاسایی و ھۆشیاری و پەروەردەیی، بۆتە پێویستی.

دواتر، گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر تەوەرەکانی دانیشتنەکە سەبارەت بە توندوتیژیی خێزانی لە لایەنی داتا و خۆپارێزی و رێککارەکانەوە کرا و لیوا عەدنان حەممود سەلمان بەڕێوەبەری روبەڕوبونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە وەزارەتی ناوخۆ. پێشکەشیکرد، ھەروەھا تەوەری ھۆکارەکانی دروستبونی توندوتیژیی خێزانی لەلایەن عەمید نیبراس محەمەد عەلی رەشید بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی پێشکەشکرا.

ھەروەھا میدیاکار عەلی عەزاب چەند چیرۆکێکی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی خستەڕو، لیوا بەسمە مەزعەل ھاشم بەڕێوەبەری بەشی ژنان لە پۆلیسی کۆمەڵگەیی-ش ھەندێک نمونەی لە دیاردەی توندوتیژیی خێزانی و ئامرازەکانی کەمکردنەوەی لەڕێگەی پەروەردە و رێنماییەوە، باس کرد.