یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە لیژنەی باڵای سەربازی ھاوبەش لە عێراق، گفتوگۆکانی لەگەڵ ھاوپەیمانان دەستپێکردووەتەوە بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکاندا خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانان دیاری دەکرێت و کشانەوەی ھاوپەیمانان بە پلانێکی داڕێژرا و و بەشێوەی قۆناغ بەندی دەبێت تا ئەو کاتەی کۆتای بە ئەرکی ھاوپەیمانان دەھێنرێت.

لای خۆیەوە، حسین عەلاوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان تراتیژیی  و گرنگە و پێویست بوو لەدوای کۆتایی ھاتنی داعش ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی بھاتایە.

رونیشیکردەوە، لیژنەی باڵای سەربازی ھاوبەش سێ پرس تاوتوێ دەکات، کە بریتین لە ھەڵسەنگاندنی تواناکانی داعش و ھێزە چەکدارەکانی عێراق و دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی راوێژکارانی سەربازی ھاوپەیمانان.

وتیشی، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانی بەوەداناوە، کە دۆخی عێراق لەرووی ئەمنییەوە سەقامگیر بووە.