قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان دەستیپێکرد
کوردسات نیوز
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٢٤١
قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان دەستیپێکرد، راوێژکارێکی سودانی دەڵێت کشانەوەی ھاوپەیمانان دەبێتە ھۆی کۆتایی ھێنان بە ھێرشەکانی گروپە چەکدارەکان و ئەمریکا بۆ سەر یەکتری.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە چاودێری دەکرێن.
حسێن عەلاوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کشانەوەی ھاوپەیمانان کاریگەری نابێت لەسەر ئاسایشی عێراق و دەبێتە ھۆی کۆتایی ھێنان بە ھێرشەکانی گروپە چەکدارەکان و ئەمریکا بۆ سەر یەکتری.
پێشتر باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا سەربازیی و پیشەییانە دەبن، تێیدا کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان تاوتوێ دەکرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرنگە بۆ سەقامگیری عێراق، بەڵام دەبێت بسەلمێندرێت کە عێراق توانای پاراستنی وڵاتەکەی ھەیە و دڵنیاببنەوە چەک و پارەی پێویستی ھەیە بۆ دەستپێکردنی ھەر ئەرکێک.
لای خۆیەوە، سابرینا سینگ جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جەختیکردبووەوە، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراق دانوستان نییە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵکو گفتوگۆیە لەبارەی داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوانیان ھەردولا.