بە پێی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی شەممە ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە دەکرێت،"سۆزان مەنسور"ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە نێوان کوتلە سیاسیەکان تائێستا رێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی بوێ بۆ ئەنجومەنەکە نەکراوە.

وتیشی، ئەو کاندیدانەی لە دانیشتنی رابردو زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا، جارێکی تر ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەو بابەتەش پێویستی بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان ھەیە.

سەبارەت بەوەی کورد دەنگ بەکێ دەدات وتی، دەنگدان بە کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەو کەسەی دەنگی پێدەدەن، دەبێت ھاوبەشی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکان بپارێزێت، جیاوازی سیاسی نەکات، بەشێوەیەکی باش دانیشتنەکان بەڕێوەببات.

١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران گەڕی یەکەمی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە رێکخست و تێیدا شەعلان ئەلکرەیم کاندیدی تەقەدووم بە بەدەستھێنانی  ١٥٢ دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام دواتر گەڕی دووەمی دانیشتنەکە دواخرا.