پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیچ پلانێکیان نییە بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان لە عێراق، کە لەئێستادا نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراقن. ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە مانەوەیان لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکە. جەختیلەوەشکردەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگھێشتی حکومەتی فیدراڵ لە عێراقن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا عێراق وەزارەتی بەرگری ئەمریکای ئاگادارنەکردووەتەوە لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی، سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا ئامادەیە بۆ ھەر گفتوگۆیەکی دیپلۆماسی لەوبارەیەوە.