ھاوپەیمانی رێکخراوە نیشتیمانییەکان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، راپۆڕتی خۆی سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، لە ١٠٠ ناوەندی دەنگدان چاودێری بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کراوە و لایەنی ئەرێنی دەنگدانەکە بریتیی بووە لەوەی لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچووە، بەگوێرەی ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن.

سەبارەت بە لایەنە نەرێنییەکانی دەنگدانی تایبەت ھاوپەیمانی رێکخراوەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، دیارترین لایەنی نەرێنی پێشێلکردنی مافەکانی دەنگدەر بووە و لەبەردەم ناوەندەکانی دەنگدانیش بانگەشە ھەڵبژاردن بەردەوام بووە، جگەلەوەش لە چەند ناوەندێکی دەنگدان رێگەنەدراوە چاودێر بچێتە ژوورە، ھەروەھا لە ژمارەیەک ناوەندی دیکە بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە رێگە بە دەنگدەر دراوە دەنگ بدات.