سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەدواداچوونیان کردووە بۆ ئەو کێشە تەکنیکییانەی لە کاتی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا روویدا، بە تایبەتی گرفتی نەناردنی ئەنجامەکان.

راشیگەیاند، نیگەرانن و دەبێت کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئەرکی دەستووری خۆی لە پاراستنی دەنگی دەنگدەران و مافەکانی کاندیدەکان جێبەجێ بکات، ھەروەھا دەبێت گەرەنتی تەواو بدات کە ھەڵەی تەکنیکی دووبارە نابێتەوە و سەلامەتی ئەو ئامێرانەشی کە بەکاردەھێنرێن رابگەیەنێت، ھەروەھا گەرەنتی بدات کە پارەی تەرخانکراو بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکان بەکارناھێندرێت.