کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆکاری ئەوەی ئامێرەکانیان لە ھەندێک بنکەکان ئەنجامەکانیان نەناردووە بۆیە بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠٢٣ی ھەڵبژاردنەکان دەبەستن و بڕیاریاندا بە گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ نوسینگەکانی کۆمیسیۆن و بنکەی وردبینیی لە پارێزگاکان، ھەروەھا پشت بە ژماردنەوەی دەستیی دەبەستن بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان.

رۆژی شەممە دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بە وتەی پێشووتری بەرپرسانی کۆمسیۆن دەبوو دوای شەش سەعات لە کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان ئەنجامیی بەرایی رادەستی لایەنە سیاسییەکان بکرایەتەوە، بەڵام بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان گرفتیان ھەبوو بەھۆی ئەوەش نەتوانرا ئەنجامەکان رادەستی لایەنەکان بکرێتەوە.