لیژنەی ئابووری: ئەستەمە بە ھاوردەکردنی کاڵا لەرێگەی کارتی بانکییەوە نرخی دۆلار جێگیربکرێت
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٢١٩
عەلی مەکسوسی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەستەمە حکومەتی فیدراڵ بە رێگەدان بە بازرگانان بۆ ھاوردەکردنی کاڵا بە کارتی بانکی بتوانێت نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی دراودا جێگیربکات.
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا مامەڵەی نایاسایی لە بازاڕەکانی دراو و بەقاچاخبردنی دۆلاری عێراق بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە و ئەوەش وایکردووە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بە ناجێگیری بمێنێتەوە.
جەختیلەوەشکردەوە، دۆسییەی جێگیرکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار درێژخایەن دەبێت و چەندین رێوشوێنی یاسایی و ھونەری دیکەی پێویستە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممەی رابردوو، بڕیاریدا رێگە بە بازرگانان بدرێت لە رێگەی کارتی بانکییەوە ھەریەک لە زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە ھاوردەی عێراق بکەن.