سودانی: ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت
کوردسات نیوز
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٢١٧
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ ئاڵپ ئەرسەلان بەیرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە، بەھەموو شێوەیەک ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوانیان لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بەپێی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە.
وەزیری وزەی تورکیا لەسەرەتای سەردانەکەشیدا بۆ بەغداد لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و کەرتی نەوت و وزە و زیادکردنی ھاوکاری و ھاوبەشی ھەردوو وڵاتیان لەو کەرتانەدا تاوتوێکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، سەرەڕای گفتوگۆ و دانوستانەکانی ھەردوولاش تائێستا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردووە.