سەڵاح تەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیپێکردووە و رێککەوتنێکی سیاسی  بۆ ئەو پرسە کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە لەئێستادا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەمی دەکرێت بۆ خستنە دەنگدانەوە، ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەکاتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیلەوەشکردەوە، ئەگەر تەمەنی کۆمسیۆن درێژنەکرێتەوە، ئەوا ناتواندرێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت، کە بڕیارە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.