بەپێی بڕیارەکە، ھەریەک لە محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان، د.ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیریی و خالید بەتاڵ نەجم وەزیری پیشەسازی کە ھەرسێکیان سەر بە پێکھاتەی سوننەکانن، لەکاردانەوەی کۆتاییھێنان بە ئەندامیەتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران  دەستلەکاردەکشێنەوە.

حزبی تەقەدوم کە خاوەنی ٣٧ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە، ھەروەھا بڕیاریدا پەرلەمانتارەکانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.

ھاوکات بەمەبەستی تاوتوێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سبەینێ چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی حکومەت لە بەغداد کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شوێنگرەوەی حەلبوسی و رێکارەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە لایەنگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی جیاوازییان نیشان داوە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی دەربڕیوە، شەقامی سوننەکانیش بەسەر دژ و لایەنگری بڕیارەکەدا دابەش بوون.

 لەیەکەمین کاردانەوەی خۆیشدا ھاوپەیمانی عەزمی سوننەکان پێشوازی لە بڕیاری دورخستنەوەی حەلبوسی کرد.