راوێژکارێکی سودانی: ساڵی داھاتوو عێراق پێویستی بە قەرزکردن نابێت
کوردسات نیوز
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٨٩١
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندوە، یاسای بودجەی سێ ساڵە نرخی بەرمیلێک نەوتی بە ٧٠ دۆلار خەمڵاندووە و بەدرێژایی ئەمساڵ نرخی نەوت دە دۆلار زیاتر لەو نرخە بووە، بۆیە ئێستا عێراق پارەی زیادەی نەوتی لەبەردەستە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٤ ئاماژەکانی ئەرێنین و دڵنیایی بەخشە کە بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، وڵات پێویستی بە ھیچ قەرزێک نابێت.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران جەختیش دەکاتەوە کە لەپاڵ پشتبەستن بە نەوت وەک داھاتی دەوڵەت، پێویستە کەرتی تایبەتیش زیاتر بەھێزبکرێت و داھاتی وڵات فرەسەرچاوە بکرێت، چونکە ئەو رێگایە عێراق زیاتر بەرەو دڵنیایی دارایی دەبات و ئابورییەکەشی زیاتر گەشە دەکات.