ھەواڵگری عێراق ھەوڵێکی بەقاچاخبردنی زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دۆلار پووچەڵکردووە
کوردسات نیوز
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
١٬٢٢٩
دەزگای ھەواڵگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار و پشت بەستن بە زانیاری ورد، لە ھەڵمەتێکدا توانیانە باندێکی مامەڵەکاری دراو لە بەغداد و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستگیربکەن، کە پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی و مامەڵەیان بە دۆلارەوە کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھەڵمەتەکەدا توانراوە ھەوڵێکی بەقاچاخبردنی زیاتر لە ٨٠٦ ھەزار دۆلار پووچەڵبکەنەوە، کە باندەکە ھەوڵیانداوە بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی وڵات.
دەزگای ھەواڵگری عێراق راشیگەیاندووە، ئەندامانی ئەو باندە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون، تاکو رێککاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.