سودانی: عێراق کلیلی ئاشتی دەبێت لە ناوچەکە و بەشێک نابێت لە کێشە
کوردسات نیوز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
١٬١٩٦
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی باڵیۆزانی عێراق لە بەغداد ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەت بەرپرسە لە گرتنەبەری رێوشوێن و بڕیارە گەورەکان لەبارەی پرسە جیاجیاکان و عێراق کلیلی ئاشتی دەبێت لەناوچەکە و بەشێک نابێت لە کێشە.
وتیشی، ھەر ناکۆکییەکی سنوری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
لای خۆیەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ھۆشداریدا لە ھەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکە بەھۆی بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە و جەختی لە دورخستنەوەی وڵات لە پریشکی شەڕ کردەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش جەخت لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دەکاتەوە و دەیانەوێت پەیوەندی باشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەبێت.
فوئاد حسێن باسی لەوەشکرد، مەترسی و ھەڕەشە ھەیە بۆ ھەڵگیرسانی جەنگ لەناوچەکە، دورخستنەوەی عێراق لە پریشکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان ئەرکی سەرەکی حکومەتە و عێراق دەستوەردان لە کاروباری ھیچ وڵاتێکدا ناکات.