وتەبێژی حکومەتی عێراق: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کارێکی زۆر مەترسیدارە
کوردسات نیوز
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
٢٧٧
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا پابەندبوونی دیبلۆماسی لەسەرە و نابێت بەھیچ شێوەیەک پێشێلی بکات و ھەڵوێستی عێراقیش لەسەر کەرتی غەززە ھەر لەسەرەتاوە روون و ئاشکرا بووە و تەنانەت یاسایەکیشی ھەیە کە ئاساییکردنەوەی ھەموو جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە دەکات.
وتیشی، پێشنیازەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، نەک تەنھا کاریگەری خراپی لەسەر رێککەوتنی ئەمنی نێوان واشنتۆن و بەغداد دەبێت، بەڵکو ھەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە و عێراق بە یەکجاری وێران دەکات.