وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناو کەرتی غەززە لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، ھێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕبوونەتەوە.

ھاوکات، بەھۆی ھەڕەشەی ئەمنییەوە داوا لە ھاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن و داواش  لە کارمەندانی باڵوێزخانەو کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەولێر دەکات گەر مانەوەیان زۆر پێویست نییە ئەوا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان عێراق بەجێبھێڵن بۆ گەشتەکانیشیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەکارنەھێنن.

ماوەی چەند رۆژێکە چەند جارێک بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عەین عەسەد بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراونەتە ئامانج و گروپی " مقاومەی ئیسلامی" بەرپرسایرێتی خۆی لە چەند ھێرشێکیان راگەیاندووە.