بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ئاماری گیانلەدەستدانی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیەی خستە ڕوو، بەپێی ئامارەکە ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ ١١٣ کەس، کە ٤١ کەسیان تا ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.

لە ئامارەکەشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی باس لە ژمارەی بریندارەکان کراوە کە تا ئێستا ١٢یان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و ٢٠ بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماون،  کە ٣ کەسیان لە نەخۆشخانەی کۆمارین لە موسڵ،  ١١ برینداریان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ھەولێرن،  ٦ی تریش لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای دھۆکن. 

تەندروستی نەینەوا دەشڵێت، بڕیارە ٨ برینداری دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوە بکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

لای خۆیەوە،  مار بندتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی موسڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی حەمدانییە رەتدەکەنەوە و دەرفەتێک دەدەن بە بەرپرسان بۆ پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا و لەدوای ناشتنی تەواوی تەرمەکانی رووداوەکە ھەڵوێستی کۆتایی خۆیان رادەگەیەنن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە دوای پێنج رۆژ لە لێکۆڵینەوە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئاگرەکە بەھۆی یاریی ئاگرینەوە دروستبووە، قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی دیکەش بەھۆی کەمتەرخەمییەوە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و رەوانەی دادگا دەکرێن.