بڕیارە پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدات
کوردسات نیوز
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
٣٠٩
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسانە کرد کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگ و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێشھاتەکان تاوتوێکران، بەتایبەت پرسی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە و ناردنی پشکی ھەرێم.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە بۆ سێیەمجار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دواخرا و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت، ئەگەرچی تائێستا کارنامەی ئەو دانیشتنەش بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاریانداوە ئەگەر لە دانیشتنی سبەینێدا، ڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە نەخرێتە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەوە بایکۆت دەکەن.