جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی گەرەنتی ئەوەی کردووە پارە ئازادکراوەکانی ئێران کە لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج دەستگیرکراوی ئەمریکی وەریدەگرێتەوە  تەنھا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریدەھێنێت.

وتیشی، وڵاتەکەی بە تەواوەتی ئاگادار دەبێت پارە ئازادکراوەکانی ئێران بۆ کوێ دەچن.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی لە کۆریای باشور دەستیپێکردووە و دووپاتیشیکردەوە، چۆنیەتی بەکارھێنانی پارەکان دوای ئازادکردنی لە ژێر سەرپەرشتی تاران خۆیدا دەبێت.

رۆژی پێنج شەممە ئەمریکا و ئێران رێککەوتنێکیان کرد بۆ ئازادکردنی شەش ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێران، لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج دەستگیرکراوی ئەمریکیدا لە ئێران.