رەفیق ساڵحی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٩٠ کیلۆمەتری تێپەڕاندووە، لەگەڵ دامەزراندنی چوار بنکەی سەربازی جێگیر کە بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.

وتیشی،  تورکیا چەندین بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا کە ھەندێکیان تازەن و لەچوارچێوەی ستراتیژی لەشکرکێشی کە چەندین ساڵە بەردەوامە دروستیکردوون.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، عێراق چەندین کارتی ھەیە بۆ فشارخستنە سەر ئەنقەرە تاکو رێز لە دراوسێیەتی بگرێت لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دوورخستنەوەی ھێزەکانی.
دووپاتیشیکردەوە، بوونی ھەر ھێزێکی بیانی لە عێراق خزمەتی ئاسایش و ئارامی ناکات، سوپا و دامەزراوەکان توانایان ھەیە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن.