محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی کارەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەھای دۆلار و بەرەوپێشبردنی کەرتی دارایی و بانک لە عێراق، سەرجەم بانک و دامەزراوە داراییەکانی راسپارد پابەندبن بە کارکردن بە یاسا و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، چونکە تاکە لایەنی رەسمییە دەسەڵاتی گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێکی رێکخستن و چاودێریکردنی کاری بانکەکانی ھەیە.

لە کاردانەوەی بۆ فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ بەڵێنیدا لە ھەفتەیەکدا حەوت رۆژ کاربکەن بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە ھاووڵاتییان بەو نرخەی بانکی ناوەندی دیاریکردووە، بەپێی رێنماییەکان.

بۆ چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیا و بانکەکان، بڕیاردراوە لیژنەیەکی ھەمیشەیی پێکبھێنرێت کە نوێنەرانی بانکی ناوەندی و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ لەخۆبگرێت بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان لە کارەکانی ئەم کەرتەدا.