روانگەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی عێراق کە روبەڕوی مەترسی دەبنەوە، سەر بە حزبە نوێیەکانن یاخود سەربەخۆن و سەر بەھیچ لایەنێکی سیاسی نین، ھەروەھا بەشێکیان لەوانەن کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، کە بەھۆیەوە نزیکەی ٦٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا. 

روانگەکە راشیگەیاندووە، ئەو پەرلەمانتارانە روبەڕوی داخستنی نوسینگەکانیان و دوورخستنەوەیان لە لیژنە گرنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و رێگریکردن لە چالاکییە سیاسییەکانیان و وەڵامنەدانەوەی لێدوانەکانیان بوونەتەوە. 

دەشڵێت، ئەو پەرلەمانتارانە ھیچ پشتگیرییەکی حزبی و گروپێکی چەکدارییان نییە و ئەوەش وادەکات کە بە ئاسانی لەلایەن کوتلە گەورەکانەوە بکرێتە ئامانج.