ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران: پێویستە لانی کەم ١٠ پارێزگاری عێراق بگۆڕدرێن
لاڤە
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
١٬٤٩٢
عەلی حەمیداوی سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکدا جەختی کردەوە لە گرنگی بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەو پێیەی گرنگییەکەی کەمتر نییە لە گرنگی پەرلەمان، بەتایبەت کە چاودێری کاری پارێزگارەکان دەکەن و ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکار بەرامبەر پارێزگارەکان دەگرێتەبەر و گۆڕینی ئەو کەسانەشی شیاوی پۆستەکانیان نین، کردووە بە مەرج بەسەر ھێزە سیاسییەکانەوە.
وتیشی تا ئێستا سودانی زیاتر لە ٥٧ بەڕێوەبەری گشتی گۆڕیوە، کە ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ١٥ پارێزگار ھەن لە عێراق کە بەتوانا نین و پێویستە لانی کەم ١٠ کەسیان بگۆڕدرێن، چونکە ئەو پارەیەی لە بودجە تەرخان دەکرێت، دەبێت بەباشی خەرج بکرێن و کەسانی بە توانا و شیاو لەو پۆستانەدا بن.