دادگای فیدڕاڵی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، دادوەر جاسم محەمەد عبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پێشواز لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە کردووە و ھەردوولا باسیان لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووە لەگەڵ دادگا دەستورییەکانی دیکەی جیھان.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ئامانج لەو ھەنگاوە بۆ پاراستنی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکانە، تاوەکو ھاووڵاتیان بتوانن بە ئازادی پیادەی مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بکەن.

دادگای فیدڕاڵی عێراق راشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتە لەسەر گەرەنتیکردنی مافی دەنگدان، ھەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەروەری یاسا و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.

ئەو کۆبوونەوەیەش دوای ئەوەدێت کە رۆژی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە،  لەئێستاشدا سێ سکاڵای دیکە لە دادگاکە تۆمارکراون کە ھەرسێکیان پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە.