پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی: لەماوەیەکی نزیکدا بودجە پەسەند دەکرێت
کوردسات نیوز
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٣
٣٥١
موھەنەد خەزرەجی، ئەندامی فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی پێداگرن لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەو رەشنوسەی ئێستای، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ژمارەیەک گۆڕانکاری سنوردار لە پڕۆژەکەدا بکرێت بەجۆرێک لەگەڵ یاسا و دەستوردا بگونجێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ھەندێک لایەن دەیانەوێت پەسەندکردنی بودجە پەک بخەن بۆ مەبەستی کەسی و حزبی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانن کە بودجەکە بۆ سێ ساڵە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیدا تێدا جێگە کراوەتەوە، کە دەتوانێت ژێرخان و ئابوری وڵات بە تەواوی ببوژێنێتەوە.
پەرلەمانتارەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، ئەوان لەرێگەی پەسەندکردنی بودجەوە دەرفەت دەدەن بە حکومەتەکەی سودانی تاوەکو کارنامەکەی جێبەجێ بکات، بەتایبەت کە پڕۆژەی بودجە لە ئاست خواستی ھاوڵاتیانە و بودجەیەکە بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵات.