محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بەشێکی زۆربەی سوننەکان ھاوشێوەی سەرجەم پێکھاتەکانی تری عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعسی روخاودا نەھامەتی زۆریان بەسەر ھاتووە و لەکاتی سەرھەڵدانی گروپی تیرۆریستی داعشیشدا بەھەمان شێوە کرانە ئامانج و ناوچەکانیان داگیرکران و ژمارەیەکی زۆریشیان بوونە قووربانی پەلامارەکانی داعش.

راشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لەئێستادا ئاراستەیەک لە ناو سیستمی حوکمڕانی عێراق ھەیە بۆ کردنەئامانجی سوننەکان و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان، دوورن لە راستییەوەو ھیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە حکومەت و سیستمی حوکمڕانی ئێستا بۆ ھەموو عێراقییەکانە بەبێ جیاوازی نەک تەنھا بۆ پێکھاتەیەکی دیاریکراو.