نوسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی و وەفدێکی باڵای ئەمنی، بۆ سلێمانی و لێکۆڵینەوە لە ھێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وەفدەکە چاویان بە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتووە و باسیان لە لێکەوتەکانی ئەو ھێرشە کردووە.

راشیگەیاند، قاسم ئەعرەجی بە بەرپرسانی سلێمانی وتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر بەدیھێنانی ئاسایش لە ھەموو وڵات، بە تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، جەختیشیکردەوە، ئاسایشی سلێمانی، ئاسایشی ھەموو عێراقە و پێشێلکردنی سەروەریی ھەر شارێک، پێشێلکردنی سەروەریی ھەموو عێراقە و قبوڵی ناکەن.

رۆژی شەممە وەفدێکی ئەمنیی عێراق لەسەر داوای سەرۆکی یەکێتی سەردانی شوێنی ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانییان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە ھێرشەکە کرد، بڕیاریشە راپۆرتێک لەبارەی ھێرشەکەوە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بکەن.