لە دوو ھێرشی ئاسمانیدا لە خۆرئاوای عێراق حەوت چەکداری داعش کوژران
کوردسات نیوز
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٧٣٣
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری، ئاشکرا بووە، کە لە باشوری بیابانی ڕوتبە حەشارگەیەکی تیرۆرستانی داعش ھەیە، ھێزی ئاسمانی دوو ھێرشی ئاسمانی کردووەتە سەری و بەھۆیەوە حەوت تیرۆریست کوژراون.
دوای ھێرشەکەش ھێزی پیادە چوونەتە شوێنەکە و دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک و کۆمەڵێک چەک و کەلوپەلی سەربازیدا.
بەھۆی نزیکی لە سنوری سوریاوە، تیرۆریستانی داعش ناوبەناو دزە دەکەنە ناوخۆیی سنوری عێراق و، لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ھێزەکانی سوپا لەگەڵ چەکدارانی داعش لەسنورەکە بەشەڕھاتوون.
لە ئێستاشدا سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان ناوبەناو ئۆپراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنورەکە و کۆتایی ھێنان بە مەترسی داعش لە خۆرئاوای عێراق.