موقتەدا سەدر گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەیان بۆ پەرلەمان قەدەغە دەکات
کوردسات نیوز
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٧٤٨
"ساڵح محەمەد عێراقی"ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر لە پەیامێکدا کۆتایی بە دەنگۆکانی گەڕانەوەی فراکسیۆنی سەدر ھێنا بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕایگەیاند، گەڕانەوەیان قەدەغەیە.
وەزیرەکەی سەدر باسی لەوەشکردووە، فراکسیۆنی سەدر ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵوەشانەوەی دەگەڕێتەوە نەک بۆ بەستنی ھاوپەیمانی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی.
وتیشی، پێویست بە گەڕانەوەی فراکسیۆنی سەدر ناکات بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵکو بە کشانەوەی کورد و سوننە ئەنجومەنی نوێنەران شەرعییەتی نامێنێت و ھەڵدەوەشێتەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی دەڵێت، ھەست بەفشاری سەر ھاوپەیمانانیان دەکەن، بەڵام دۆخەکە قوربانی دەوێت بۆ کۆتاییھێنان بە مەینەتییەکانی گەلی عێراق و رەتکردنەوەی گەندەڵکاران.
لەدرێژەی پەیامەکەیدا وەزیرەکەی سەدر جەختی لە پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی کردەوە و پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی ڕەتکردەوە.
وەزیرەکەی سەدر داواش لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەکات ھەڵوێستی ئازایانەیان ھەبێت بۆ کۆتاییھێنان بەقەیرانەکانی عێراق و جەختیشدەکاتەوە لەوەی کلیلی چارەسەری کێشەکان ھەڵوەشانەوە ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەختە.