حەکیم لە وتاری نوێژی جەژن دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری چەقبەستویی پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتی نوێ راگەیاند و جەختیکردەوە لەسەر بەھێزکردنی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران و دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و بەکرۆکی سیستمی پەرلەمانی ناویبرد.

حەکیم راشیگەیاند،  ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا نەبێت ناڕەزاییەکان دەگوازرێنەوە بۆ شەقام و دروستبوونی پشێوی. وتیشی، کشانەوەی موقتەدا سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران واتای ئەوەنیە لە گۆڕەپانی سیاسی کشاوەتەوە.

ھەروەھا حەکیم بە پێویستی زانی پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانی خزمەتگوزار کە لە ئاست کێشەکاندا بێت بەتایبەت کێشە ئابورییەکان، وتیشی، پێویست ناکات گۆڕانکاری گەورە لە حکومەتی ئێستادا بکرێت لەبەرئەوەی گۆڕانکاری ریشەیی کاتی زیاتری دەوێت.

سەرۆکی رەوتی حیکمە، داواشی لە لایەنە کوردییەکان کرد پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بەو پێیەی سەرۆک کۆمار سەمامی ئەمان و پارێزەری دەستورە.

رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی فیدراڵی وەک ئەوەی لەدەستوردا ھاتووە کارابکرێت و لەماوەیەکی دیاریکراویشدا یاسا چارەنوسسازەکان بەتایبەت یاسای نەوت و غاز پەسەند بکرێت لە پێناو داڕشتنی سیاسەتێکی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و عێراق بۆ دۆسیەی نەوت و غاز.