لیژنەی دارایی: وادەی پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ تێپەڕیوە
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
٣٦٨
ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ تێپەڕێنێت، بەو پێیەی شەش مانگی ئەمساڵ تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت کاربەڕێکەرە و بە پێی یاسا وادەی ڕادەستکردنی پڕۆژە یاسای ساڵی داھاتوو نزیکبووەتەوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەنجومەنی نوێنەران سەرقاڵە بە پرسی پێکھێنانی حکومەتی نوێ، کە ماوەی پێکھێنانیی، سێ مانگ دەخایەنێت، بەو جۆرە دەگەنە مانگی تشرینی یەکەم، ئەو کاتەش باشترین کاتە بۆ حکومەت پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات.
بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی، پێویستە حکومەت ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم پڕۆژە یاسای بودجە، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی.