لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوھەوا وەک ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە ھەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان، ھەروەک دووپاتیکردەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوھەوای لەسەرە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری خێرایە، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کرد لە رێگەی پلانی ستراتیژی نیشتمانی کە بۆ ئەو مەبەستە دارێژراوە، ھاوکات دووپاتیکردەوە لە پێویستی ھاوبەشیکردن لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوھەوا.

دکتۆر بەرھەم ئەوەشی خستەروو کە دانیشتوانی عێراق ئەمڕۆ زیاترە لە ٤١ ملیۆن ھاووڵاتی و دوای ١٠ ساڵی دیکە دەبێتە ٥٢ ملیۆن و لە ساڵی ٢٠٥٠ دا دەبێتە ٨٠ ملیۆن ھاووڵاتی، بۆیە خواست لەسەر ئاو زیاد دەکات و لە ھەمان کاتدا وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ‎%‎٣٩ خاک و کەمی ئاو دەبێت و بەشێوەیەکی نەرێنی کار دەکاتە سەر ھەموو وڵات و دەبێتە ھۆی لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکرێت کەمبوونەوەی ئاو تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ١٠.٨ ملیار مەتر سێجا بەپێی ئەو توێژینەوانەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کردوویەتی، بەھۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات و بەھەڵمبوونی ئاوی بەنداو و نوێنەکردنەوەی رێگاکانی ئاودێری.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار  ئاماژەی بەوەکرد کە پرۆژەی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئاڕاستە کراوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، پڕۆژەی ھەموو عێراق و ناوچەکەیە و پشت بە بەرنامە ستراتیژییەکان دەبەستێت کە بریتین لە چاندنی دار و نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی ئاوی دیجلە و فورات، بەرھەمھێنانی وزەی پاک و یەکخستنی پلانە ژینگەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە رێگەی ھاوئاھەنگی ھاوبەشەوە، چونکە گۆڕانی کەشوھەوا و وشکەساڵی ھەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ھەمووان.

ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەگەڵ ھەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە دڵی ناوچەکەدا و ھەمەڕەنگی ژینگەیەکەی لە خورما و زۆنگاو و چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ژینگەییەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە پێویستە پشتیوانییەکی زۆر لەگەنجان بکرێت، تاوەکو کار بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا، ھەروەک ئاماژەی بەوەدا کە گەنجانی عێراق ھاوکارێکی سەرەکین لە بابەتی پاراستنی ژینگە و دەستپێشخەریی نایابیان ھەیە لەم بوارەدا، ھاوکات رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو رووەوە بەرزنرخاند.

لە کۆتاییدا دکتۆر بەرھەم ئەوەشی خستەروو، کە گۆڕانی کەشوھەوا قەیرانێکی جیھانییە و زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە، بۆیە گرنگە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە، ھەروەھا رایگەیاند، ھیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت کە پێی وابێت دەتوانێت بە تەنھا رووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا ببێتەوە، ھەروەک ئاماژە بەوەدا کە خۆڵبارین و کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەبیابانبوون مەترسییەکی گەورەیە و سنوورەکانی تێپەراندووە، بۆیە تەنھا بە ھەماھەنگی و پلاندانانی ھاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی باڵا چارەسەر دەکرێن.