"پلاسخارت" لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی ڕەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھێرشە مووشەکییەکان و خۆڵبارینی کرد و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بھێنن کە زیاتر لە ٧ مانگە بەردەوامە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ھیچ نیەتێکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئامادەی سازش نین. وتیشی، میکانیزمێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و ھەرێم.

"پلاسخارت" وتیشی، ئێستا کاتی گۆڕانکارییە لە عێراق و دەبێت سەرکردە سیاسییەکان  ھەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، ھۆشداریشیدا لە گەڕانەوەی توڕەیی خەڵک و خۆپیشاندانەکان ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨، چونکە پێداویستی سەرەکی گەل لە عێراق زۆر بە ئاشکرا پشتگوێ دەخرێت.

"پلاسخارت" جەختیشی کردەوە لەوەی وڵاتانی دراوسێ سەروەری و ئەمنییەتی خاکی عێراق پێشێل دەکەن و دیپلۆماسییەتی بەکارھێنانی مووشەک، کردەوەیەکی دروست نییە.
سەبارەت بە شەپۆلی خۆڵبارینیش "پلاسخارت" وتی، بە بیابانبوون لە عێراق جێی نیگەرانییە و بەھۆیەوە شەپۆلی خۆڵبارین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیادیکردووە.