چاودێرانی سیاسی دەڵێن کاندیدکردنی جەعفەر سەدر لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، ھەنگاوێکی زیرەکانەیە، چونکە لەلایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیشەوە کەسایەتیەکی سیاسی قبوڵکراوە و تەنانەت لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش ھیچ ھەڵوێستێکیان لە دژی نیە و لە دواین دانوستانەکانیان لەگەڵ سەدر دژایەتی کاندیدکردنی جەعفەر سەدریان نەکردووە، ھەربۆیە چانسێکی گەورەی ھەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق. 


جەعفەر سەدر کوڕی محەمەد باقر سەدر دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی و مەرجەعی شیعەکانە کە لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ براکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارە دراوە، ھەروەھا ئامۆزای موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدرە کە براوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانە.


جەعفەر سەدر لە ساڵی١٩٧٠ لە شاری نەجەف لەدایکبووە و بڕوانامەی ماستەری ھەیە لە بواری زانستی کۆمەڵناسی، پێشتریش بروانامەی لە توێژینەوە ئاینییەکان وەرگرتوە لە قومی ئێران و نەجەف لە ساڵەکانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٧.


جەعفەر سەدر لە ساڵی ٢٠٠٩ بووەتە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق و لە ٢٠١٠ دا بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و  چەند پۆستێکی تری باڵاشی وەرگرتوە، ھەروەھا نوێنەری ھەمیشەیی عێراق بووە لە رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی و لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووەتە سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراو و کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە باڵیۆزی عێراقە لە بەریتانیا . 


لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە چاودێران رەخنە لە ھەندێک لایەنی جەعفەر سەدر دەگرن و دەڵێن کەسێکی کەمدووی داخراوە و بڕوانامەکانیشی پەیوەندییان بە ئیدارەی دەوڵەت نییە، جگەلەوەش خاوەنی ھیچ گروپێکی چەکدار نیە و پەیوەندیشی لەگەڵ چواردەوری موقتەدا سەدر باش نیە، ئاماژە بەوەشدەکەن، وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن جەعفەر سەدرەوە ئەرکێکی قورس و گەورەیە لە عێراقی پڕ لە کێشەداو  لە حاڵەتی شکستھێنانی زیانێکی گەورە بە ناوبانگی بنەماڵەکەی دەگەیەنێت.