مالکی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دانیشتنی ڕۆژی شەممەی داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت و دوای ئەوەش گۆڕانکاری دێتە ئاراوە، ئەستەمیشە ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە بتوانن ٢٢٠ پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەندبوونیان بە یەک  لەسەر سێی دڵنیاییکەرەوە بە واتای ھەڵخلیسکانی پڕۆسەی سیاسییە بە ئاڕاستەی فەوزا و بێسەروبەری.

جەختیشیکردەوە، یەکێک لە لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە دەیەوێت بەشێک لە شیعە و کورد و سوننە دووربخاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا مالکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر دوو حزبەکەی کوردستان ڕێکبکەون لەسەر کاندیدکردنی کەسایەتییەکی گونجاو بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئەوان ناکۆکییەکان کۆتاییان دێت.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر دانیشتنی شەممەی داھاتوو بەڕێوەنەچێت، ئەوا ھاوپەیمانی سێ لایەنییەکە ناچار دەبێت گفتوگۆ بکات لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، بە مەبەستی لێکتێگەیشتن.