"سەدر" لە نوێترین تویتیدا رایگەیاند، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان پێشوازییان لە داواکارییەکەی کردووە سەبارەت بە ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وتیشی سوپاسیان دەکەم ئەگەر بەرژەوەندی نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندی تایبەت.

"سەدر" نوسیوێتی، بە زووترین کات پاداشتی ئەو پەرلەمانتارانە دەداتەوە، بەڵام بە دابەشکردنی کێکەکە نا بەڵکو پێکەوە برینەکان ساڕێژ دەکەن و ریزەکان یەکدەخەن، وتیشی ھیوای بە ژیانێکی درێژ نەماوە و ئەوەشی ماوە لە ژیانیدا ھەوڵدەدات بۆ لەناوبردنی پیلانی گەندەڵکاران لە پێناو بنیاتنانەوەی عێراق . 

لەلایەکی ترەوە،  "حەسەن عەزاری" سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بەڕاشکراوی پێیان راگەیاندووە، ئەوان پشتیوانی لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن، لە کۆبوونەوەی شەممەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانە لە پێناو عێراق و گەلەکەیان ھەڵوێستیان دەبێت و پارە و تۆقاندن ھەڵوێستی ئەوان ناگۆڕێت، وتیشی تاکە ھیوایان پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە.