جینین پلاسخارت لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە ھەڕەشەیەکی دیکەیە و دەتوانێت عێراق ڕووبەڕووی کەمئاوی بکاتەوە.

پلاسخارت ڕاشیگەیاند "دەبێت وڵاتانی دراوسێی عێراق بەشداربن لە گفتوگۆی مانادار لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاو و ھاوبەشیپێکردنی."

پلاسخارت ھۆشداریشیدا لەوەی عێراق وەک پێویست پارێزگاری لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە نەکردووە و دەڵێت دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، وشکەساڵی و زیادبوونی دانیشتووان کاریگەری خراپیان کردووەتە سەر ڕێژەی ئاو.

ئەمڕۆ لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتیی و لەژێر ناونیشانی "ئاوی ژێر زەوی، ئەوەی نەبینراو پیشانی دەدەین" یادی ڕۆژی جیھانی ئاو دەکرێتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان گوشار دەخاتەسەر حکومەتەکانی جیھان لە رێگەی رێوڕەسم و چالاکیی جیاوازەوە ھۆشیاری بڵاوبکەنەوە.

ھەر ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکان ساز دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئەم بوارە.