لە چەند ھەفتەی پێشوودا دووبارە دەنگۆی ئەوە سەریھەڵداوەتەوە کە کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی لەکاتێکدا کە لە عێراق بووە بۆ جێبەجێکردنی ھەندێک خزمەتگوزاری، ھاوکاری دارایی پێشکەش بە چەکدارانی داعش کردووە.

کۆمپانیاکە، کە خزمەتگوزاری دروستکردنی ئامێرەکانی پەیوەندی پێشکەشدەکات، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت و لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە دژی ئێریکسۆن کراوەتەوە.

ھەفتەی ڕابردوو کۆمپانیاکە بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لەسەر کار لادا و کەسێکی نوێی بەناوی سکۆت درێسەر لەشوێنی ئەو دانا.

بەڕێوەبەری ئێریکسۆن، ڕۆنی لێتن ڕایگەیاند "کۆمپانیاکە بەردەوامدەبێت لە ھاوئاھەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە."