لیوا یەحیا رەسووڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق،  بە ئاژانسی ھەواڵیی عێراقی راگەیاند، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، رێکارە ئەمنییەکان لەسەر سنوورەکانی عێراق و سوریا زیاتر دەکرێن، بە تایبەت دوای رووداوەکەی گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە، کە ھەڵاتنی زیاتر لە ١٠٠ تیرۆریستی داعشی لێکەوتەوە، وتیشی، سنوورەکانیان لەگەڵا سوریا ئارامن، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھەوڵێکی داعش بۆ دزەکردنە خاکی عێراق.
ھەر لەو چوارچێوەدا چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی عێراقیان راگەیاند، رێکاری ئەمنی دەرکراوە بۆ توندکردنەوەی پاسەوانێتی ئەو زیندان و گرتووخانانەی، کە سەرکردە و تیرۆریستانی داعشیان تیدایە، کە سێ گرتووخانەن.