مستەفا کازمی رایگەیاند، فەرمانی دەرکردووە لێکۆڵینەوە لەبارەی کوشتنی پێنج کەسی خێزانی ئەندامەکەی حەشدی شەعبی بکرێت و بە زووترین کاتیش تاوانباران دەستگیر بکرێن، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەش لەبارەی زیادبوونی روداوەکانی کوشتن ھۆشداریداو داوای لە ھێزە ئەمنییەکان کردووە ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان چڕبکەنەوە.
شەوی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی ئیعلامی شاری بەغداد ھەڵیناکوتایە سەر ماڵی ئەحمەد عەبدولموتەلیب عەبدولڕەزاق کە لە لیوای ٤٥ی حەشدی شەعبییە. لە ئەنجامی تەقەی چەکدارەکاندا ئەندامەکەی حەشدی شەعبی بریندار بووە و پێنج ئەندامی خێزانەکەشی کوژراون کە پێکھاتوون لە ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی، چەکدارەکانیش دوای رووداوەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتون.