شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوز لە "بەغداد" کراون و یەکێکیان لەڕێی سیستمی دژە مووشەکی "سی رام"ەوە خراوەتە خوارەوە و مووشەکی دووەمیش لە گۆڕەپانێک کەوتووە و زیانی بە دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی گەیاندووە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دیاری کردنی شوێنی ئاڕاستەکردنی مووشەکەکان. 
ئاژانسی ھەواڵی "فرانس پرێس"یش لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە رایگەیاندووە، یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە "بەغداد" خراوەتە خوارەوە و ئەوەی تریش لە نزیک گۆڕەپانێک کەوتووە کە نزیکەی ٥٠٠ مەتر لە باڵیۆزخانەکەوە دوورە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە "بەغداد" رایگەیاندووە، سیستمی دژە مووشەکی "سی رام"یان خستۆتە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکی مووشەکی.