چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایانگەیاند، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رەتدەکەینەوە و گومانمان نییە کۆمیسیۆن و دەستەی دادوەری بە جدی مامەڵەیان لەگەڵ تانەکان نەکردووە، چونکە ئەو بەڵگانەی لایەنە ناڕازییەکان پێشکەشیان کردووە بەس بوو بۆ ئەوەی بڕیاری ژماردنەوەی دەستی تەواوی وێستگەکان بدرێت و گۆڕانکاری گەورە دروست بکات.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە "ھاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و عەسائیب ئەھللحەق و نەسر و حیکمە و کەتائیبی حزبوڵا" و چەند رەوتێکی تر لەخۆدەگرێت، باسیشیان لەوە کردووە، بەردەوام دەبن لە پێشکەش کردنی سکاڵا لەبەردەم دادگای فیدراڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و ھیواشیان خواست دادگای فیدراڵی دوور لە کاریگەری سیاسی و بێلایەنانە لەسەر ئەو پرسە کار بکات.