رۆژی ١٧ی ئەم مانگە تاوتوێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا، بەو ھۆیەشەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و تا ئێستا دیار نییە کەی پڕۆژەکە دەخرێتەوە کارنامەی دانیشتنەکان.

کاروان یاروەیس ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای لابردنی بڕگەی تایبەت بە تاوتوێکردنی پڕۆژەکە، ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بەڵێنی بە فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا لەماوەی ٤٨ سەعاتدا پڕۆژە یاساکە بخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەکان، بەڵام پڕۆژەکە نەخرایەوە کارنامەی دانیشتنەکان.

وتیشی ھەفتەی داھاتوو دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەناچێت لەبەرئەوەی پەرلەمانتاران دەگەڕێنەوە پارێزگاکانیان، بەڵام ھەفتەی داھاتووتر دانیشتنەکان دەستپێدەکەنەوە و فراکسیۆنە کوردستانییەکان فشاری نوێ دەستپێدەکەنەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بخرێتەوە کارنامەی دانیشتنەکان بەمەبەستی پەسەندکردنی.

بەپێی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان، ٨ بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو ھەڵدەوەشێنرێنەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرکراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.