ھەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێکرا کە لەنێوان  جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و راوێژکاری ئەنجومەنی دەوڵەت ئەنجامدرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی کۆتایی کۆبوونەوەکە. 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کە قەرەبووی زیندانیانی سیاسی رژێمی پێشوو بکاتەوە، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ھەڵەبجە.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی نێوان دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەک تێیدا مافی زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق پارێزراو بێت.