فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت کە شەش تەوەر لە خۆدەگرێت لەناویاندا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەھیدان و خوێندنەوەی دووەم بۆ خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق تەواو دەکرێت.

ئەنجومەنی نوێنەران لەکۆبوونەوەی دوێنێیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی کرد، دەنگدانیشی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیارانی کورد دواخست.