کازمی لە تویتێکدا نوسیوێتی، دەزگای ھەواڵگری یەکێک لە قورسترین ھەڵمەتە ھەواڵگرییەکانیان لە دەرەوەی سنور ئەنجامداوە و توانیویانە "سامی جاسم" دەستگیر بکەن، کە سەرپەرشتیاری دارایی تیرۆریستانی داعش و جێگری "ئەبوبەکر بەغدادی" بووە. ئەو راگەیاندنەی "کازمی"یش دوای ئەوە دێت کە دوێنی لەکاتی دەنگدانەکەیدا وتبووی، رۆژی ٢ شەممە دەستکەوتێکی ئەمنی گەورە رادەگەیەنن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقیش بڵاویکردەوە، "سامی جاسم" پۆستی ئەمنی و دارایی ھەبووە لە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و بە یەکێک لە گرنگترین داواکراوە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، کەسایەتییەکی نزیکیشە لە "عەبدوڵا قەرداش" سەرکردەی ئێستای گروپی تیرۆریستی داعش.