لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆی گەنجێکی عێراقی بەناوی عەلی عادل کەلە سەربانێکەوە بە زمانێکی تێکەڵ لە عەرەبی و ئینگلیزی قسەدەکات و داوا لە جۆبایدن دەکات لەشەڕو گەرماو نەھامەتییەکانی عێراقی رزگاری بکات و بانگھێشتی ئەمریکای بکات، ئەگەر نا خۆی ھەڵدەداتە خوارەوەو خۆی دەکوژێت، ئەو گرتە ڤیدیۆییە بەشێوەیەکی بڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوەو جۆ ھود بەرپرسی دۆسیەی خۆرھەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی عەلی عادلی دایەوەو پێی راگەیاند، ئێستا بەھۆی پەتای کۆرۆناوە ناتوانن بانگھێشتی ئەمریکای بکەن ، دڵنیاشی کردەوە کە لە عێراق دەیبینێت و پێکەوە سەروپێ دەخۆن. ئەمرۆش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لەو گەنجە کرد.