بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، پابەندبونی تەواویان بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوپاتکردووەتەوە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت. 

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ھەشت ھەزار و ٢٧٣ ناوەندی دەنگدان کە ٥٥ ھەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدان لە خۆ دەگرێت، بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادە دەکرێت و ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ ھەزار و ٧٤ عێراقییش مافی دەنگدانیان دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە تا ئێستا گومان دەکرێت لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا و لە چەند رۆژی رابردووشدا موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنی راگەیاند، بەڵام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی سەدری رەتکردووەتەوە و داوایکرد بەشداری ھەڵبژاردن بکات.